ئای کەی نیوس
عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی عێراقی ڕایگەیاند، داوا دەكات سەرجەم لایەنەكانی كەركوك بەشداری لە حكومەتی خۆجێی كەركوكدا بكەن ئەو شارە عێراقێكی بچوكراوەیە نمونەی پێكەژیانە، هەروەها لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە دەشڵێت، “گفتوگۆی جدی لە نێوان هەرێم و بەغداوە كراوە بۆ كۆتایهێنان بەكێشەكان، نەوتی هەرێم دەخرێتە ناو بودجەی عێراقەوە و لەبەرامبەردا موچە و شایستەیەكانی دیكە بۆ هەرێم دەنێردێت”.
عەممار حەكیم، ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای كۆبونەوەی لەگەڵ پارێزگار و ئەنجومەتی پارێزگای كەركوك ڕایگەیاند، داوا دەكات سەرجەم لایەنە براوەكانی پارێزگای كەركوك، بەشداری لە حكومەتی خۆجێی شارەكەدا بكەن.
عێراق ڕێشوێنی توندی ئەمنی گرتوەتەبەر
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ڕێگریكردن لە دەرهاویشتە ڕوداوەكانی سوریا و پەڕینەوەی بۆ عێراق، حكومەت ڕێشوێنی توندی ئەمنی گرتوەتەبەر، هەروەها بەهیوان ئاشتی و ئارامی بۆ سوریا بگەڕێتەوە.
عەممار حەكیم باسی لەوەشكرد، كەركوك عێراقێكی بچوكراوەیەوە و نمونەی پێكەژیانە لە نێوان پێكهاتەكانی وڵاتدا، هەروەها شەرەفمەندە بە گفتوگۆكردن لەگەڵ چین و توێژ و پێكهاتەكانی شارەكە و داوا دەكات هەموان ئەو ڕیچكەیە بگرنەبەر.
گفتوگۆی جدی لە نێوان هەرێم و بەغداوە كراوە
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و گرفتی موچەوە، حەممار حەكیم دەڵێت، “گفتوگۆی جدی لە نێوان هەرێم و بەغداوە كراوە و بابەتەكە پەیوەستە بە داهاتەكەمانە كە داهاتی نەوتیە، ئێستا گفتوگۆكان لەسەر ئەوەن كۆتای بەكێشەكان بهێندرێن، بۆ ئەوەی ئەو نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت، بخرێتە ناو بودجەی عێراقەوە و لەبەرامبەردا موچە و شایستەیەكانی دیكە بۆ هەرێم بنێردێت”.