عێراقهەواڵ

سودانی: ئامادەین بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا

ئای کەی نیوس

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەمیانی پێشوازیكرد لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سودانی جەختی لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە هەڵبژاردەی ئازادانەی گەلی سوریا کردەوە و ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا لەم دۆخ و قۆناغی گواستنەوەدا.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،  محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پێشوازی لە جەنەراڵ مایکل کۆرێلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و شاندەکەی یاوەری کرد.

تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی سوریا و کاردانەوە بەردەوامەکانی ناوچەکە کرا

ئاماژەی بەوەشكرد، لە دیدارەکەدا تاوتوێی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و ڕوبەڕوبونەوەی توندڕەوی کرا، هەروەها تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی سوریا و کاردانەوە بەردەوامەکانی ناوچەکە کرا.

محەمەد شیاع سودانی لەمیانی كۆبونەوەكەدا جەختی لەوە کردەوە، “عێراق ئەندامێکی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە و پابەندە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیەتیەكە بۆ ڕوبەڕوبونەوە و بەدواداچون بەدوایی گروپە تیرۆریستییەکاندا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت”.

بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی سورییەکان

ئاماژەی بەوەشكرد، “گرنگە ڕێز لە هەڵبژاردەی ئازادانەی گەلی سوریا بگرین و ئامادەین بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا لەم دۆخ و قۆناغی گواستنەوەدا، هەروەها بەردەوام دەبین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دراوسێدا بۆ هاوکاریکردنی سورییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە”.

سودانی باسی لەوەشكرد، “پاراستنی ئاسایشی سوریا و یەکپارچەیی خاک و سەلامەتی گەلەکەی و ئەو فرەچەشنییە نەتەوەیی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەی پێویستە، هەروەها دەبێت ڕێگری لە هێرشێك بۆ سەر هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی گەلی سوریا یان پیرۆزییە ئایینییەکانیان بكرێت، عێراق بەدوای ڕەوتی ڕوداوەکان و کردارە متمانەپێکراوەکاندا دەڕوات نەک قسەکان”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button