عێراقهەواڵ

كەشتیەكانی ڕوسیا بەندەرەكانی سوریا بە جێدەهێڵن

ئای کەی نیوس

بەگوێرەی ئەو وێنانەی كە لەمانگە دەستكردەكانەوە گیراون و دەركەوتوە، کەشتییە دەریاییەکانی ڕوسیا بنکەی مۆسکۆیان لە تەرتوسی کەناراوەکانی باكوری ڕۆژئاوای سوریایان بەجێهێشتوە، هەروەها ڕۆژی 5ی ئەم مانگە، پێنج کەشتیی و ژێردەریاییەكی ئەو وڵاتە لە بنكەكە بونە، بەڵام لە وێنەكانی دوێنێدا تەنها دو كەشتی جەنگی و نەتهەڵگرێت دەركەتوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریدەخەن كە کەشتییە دەریاییەکانی ڕوسیا بنکەی مۆسکۆیان لە تەرتوس لە کەناراوەکانی باكوری ڕۆژئاوای سوریا بەجێهێشتوە و هەندێکیشیان لەنگەریان لە نارئاوەكان دورخستوەتەوە، ئەوەش دوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە.

سێ کەشتی ڕوسیا لە دەریای ناوەڕاستی هەیە

ئاماژەی بەوەشكرد، دوا وێنەی مانگە دەستكردەكان كە دوێنێ گیراوە، دەریدەخات كە سێ کەشتی ڕوسیا لە دەریای ناوەڕاستی هەیە کە دو کەشتیی فرێگاتی موشەک هەڵگرە، لەگەڵ  نەوتهەڵگرێکدا، کە لە دەوروبەری 13 كیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای تەرتوسەوە جێگیركراون.

ڕۆیتەرز باسی لەوەشكردوە، پێشتر ڕوسیا پێنج کەشتیی و ژێردەریاییەكی لە تەرتۆس هەبوە و ڕۆژی 5ی ئەم مانگە لەلایەن کۆمپانیای بلاکسکایەوە وێنەیان گیراوە و تێیدا، هەر شەش کەشتییەکە لە بنکەکەدا دەرکەوتون.

ڕوسیا لە هەوڵدایە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ گروپە چەكدارەكان

ئەوەشی خستەڕو، مۆسکۆ کە بۆ دەیان ساڵ هاوپەیمانی دەسەڵاتەكەی ئەسەد بو، ئێستا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ گروپە چەكدارەكان بكات، بە مەبەستی گەرەنتیکردنی سەلامەتی دو بنکە سەربازییە گرنگەكەی لەو وڵاتە.

ڕۆیتەرز ڕونیكردەوە، ڕوسیا بنکەیەکی ئاسمانی گەورەی لە شاری لازقیای کەنار دەریا و دامەزراوە دەریایی لە تەرتوسی سوریا هەیە، بنكەی تەرتوس تاکە ناوەندی چاککردنەوە و پڕکردنەوەی دەریای ناوەڕاستی ڕوسیایە و مۆسکۆ ئەو بنكەیە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بەڵێندەرە سەربازییەکانی بۆ ناو ئەفریقا و دەرەوەی ئەفریقا بگوازێتەوە.

یەكشەممە كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی بنەماڵەی ئەسەد هات

ئەوە لەكاتێكدایە دوای 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا، ڕۆژی یەكشەممە گروپە چەكدارەكانی سوریا گەیشتنە دیمەشقی پایتەخت و كۆتاییان بە دەسەڵاتە 54 ساڵەكەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، و بەشار ئەسەد و بنەماڵەكەی بەرەو سوریا هەڵهاتن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button