کوردستانهەواڵ

به‌كه‌متر له‌ موچه‌ی سێ مانگ و ته‌وتینكردن رازی نابین

ئای کەی نیوس

ئه‌نجومه‌نی سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی هۆشداری له‌زیاتر دواكه‌وتنی موچه‌كانیان ده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، “فشاری نوێ و كاریگه‌ر و سه‌رتاسه‌ریی له‌ به‌غدا و هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین و به‌ كه‌متر له‌ وه‌رگرتنی موچه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌ و ته‌وتینكردنی موچه‌كانمان له‌ ڕێی بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌، ڕازینابین”.

ئه‌نجومه‌نی سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ پاش زیاتر له‌ 70 ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موچه‌كانمان، ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنی تاڵانكار، هێشتا خۆی له‌ ڕاگه‌یاندنی لیستی موچه‌ی مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10) ده‌دزێته‌وه‌ و باكی به‌ چاوه‌ڕوانیی و برسێتی و قه‌رزاری موچه‌خۆران و بێبازاڕیی نییه‌، له‌ كاتێكدا ده‌بو ئاماده‌كاری بۆ پێدانی موچه‌ی مانگی (كانونی یه‌كه‌م/12) بكات.

پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌سه‌ڵات ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگه‌كانی (تشرینی یه‌كه‌م/10 و تشرینی دوه‌م/11) بكات

راشیگه‌یاندوه‌، “پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌سه‌ڵات ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگه‌كانی (تشرینی یه‌كه‌م/10 و تشرینی دوه‌م/11) بكات و واز له‌ سیناریۆكانی ده‌ستی ده‌ستی و درۆ و چه‌واشه‌كاریی بهێنێت، ئه‌م كارتانه‌ سوتاون و (ته‌وتین و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌)مان له‌بیرنابه‌نه‌وه‌”.

ناڕه‌زایه‌تیی و چالاكییه‌كانمان فراوانتر ده‌كه‌ین

ده‌شڵێت، “موچه‌خۆرانی به‌هه‌ڵوێست، بۆئه‌وه‌ی ئه‌زمونی تاڵانكردنی سێ موچه‌ی ساڵی ڕابردو دوباره‌نه‌بێته‌وه‌، ناڕه‌زایه‌تیی و چالاكییه‌كانمان فراوانتر ده‌كه‌ین و پاڵپشتیی بایكۆتی خۆڕسكانه‌ی چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ین”.

هۆشداری به‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ده‌ین له‌ زیاتر دواخستنی موچه‌كانمان

ئه‌نجومه‌نی سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “هۆشداری به‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ده‌ین له‌ زیاتر دواخستنی موچه‌كانمان، له‌ ڕۆژانی داهاتوشدا فشاری نوێ و كاریگه‌ر و سه‌رتاسه‌ریی له‌ به‌غدا و هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین و به‌ كه‌متر له‌ وه‌رگرتنی موچه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌ و ته‌وتینكردنی موچه‌كانمان له‌ ڕێی بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌، ڕازینابین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button