ئای کەی نیوس
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەمساڵدا هەزار و 19 تۆمەتباریان دەستگیركردوە، كە بازرگان و بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكان بون و 49 لەوانەش لە ڕهگەزی مێ بون، دەشڵێت، “دەست بەسەر سێ تەن و 24 كیلۆ و 600 گرام مادەی هۆشبەر و 121 هەزار 330 دەنگ دەنك حەبیدا گیراوە، هەروەها سلێمانی پاكترین هەمو عێراقە لەوڕوەوە”.
سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری یەك ساڵی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكانی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، بەڕیوەبەرایەتییەكە لەمساڵدا هەزار و 19 تۆمەتباریان دەستگیركردوە، كە بازرگان و بەكارهێنەریان تێدابوە و 49 تۆمەتباریان لە ڕەگەزی مێ بون.
44 تۆمەتباری بازرگانی نێودەوڵەتی دەستگیركراون
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ژماریەش 523 كەسیان بەگوێرەی ماددەی 30 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون كە بەكارهێنەربون، لەگەڵ ئەوەشدا 452 كەسی دیكەش بەگوێرەی مادەی 26 لە یاساكە دەستگیراون، كە بازرگان و دابەشكەری مادەهۆشبەرەكان بون، هەروەها 44 تۆمەتباری بازرگانی نێودەوڵەتیش دەستگیركراون.
دەست بەسەر سێ تەن و 24 كیلۆ و 600 گرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم باسی لەوەشكرد، دەستیان بەسەر سێ تەن و 24 كیلۆ و 600 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەكانی كریستاڵ، هیرۆین، تلیاك، كۆكاین، ئەسید، حەشیش و چەندان جۆری دیكەدا گرتوە، هەروەها ئەمساڵ دەستگیراوە بەسەر 121 هەزار 330 دەنگ دەنك حەبی مادەهۆشبەرەكاندا، لەگەڵ ئەوەشدا دەستگیراوە بەسەر كارگەیەكی مادەی هۆشبەردا كە لەسەرەتای دامەزراندنی دابوە.
23 چالاكی هاوبەشیان لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێم ئەنجامداوە
ئەوەشی خستەڕو، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكان 23 چالاكی هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدات و توانیوەیەتی 25 تۆڕی ناوخۆی و نێودەوڵەتی مادەهۆشبەكان دەستگیربكات.
لە ڕوی ماددهی هۆشبهرهوه سلێمانی پاكترین هەمو عێراقە
وتەبێژەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕونیكردەوە، لەسەر ئاستی عێراق سلێمانی و دەوروبەری بە پاكترین شار دەستنیشانكراوە لە ڕوی ماددەی هۆشبەرەوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردو بەكارهێنەرانی ئەو مادانە كەمیكردوە.