کوردستانهەواڵ

ئەنجومەنی وەزیران له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ بڕیاریدا

ئای کەی نیوس

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا وەزارەتی دارایی و ئابوریی ڕاسپارد لەگەڵ گەیشتنی هەر بڕە پاریەکی دیكه‌ لە بەغداوە بۆ تەواوکاری موچە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچەكان بکات.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و تیشک خرایە سەر دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئێستای سوریا، لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، دوپاتیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان، خۆی بە دوردەگرێت لە هەر کێشە و ململانێیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی و وەک هەمیشەش بە فاکتەری ئارامیی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای ڕێزلەیەکترگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش.

دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی موچە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە تاوتوێکرا

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی موچە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ و خشتەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 پێشکەش کرد.

ئەرک و پابەندییەکانی خۆمان بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردوە

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە “حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردوە و لە هەوڵەکانیشی لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕوەوە، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ، لە چەند ڕۆژی داهاتودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت”.

ئێستا لە مانگی 12ین موچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستاش موچەی مانگەکانی 10 و 11 ئەمساڵیان وەرنەگرتوە

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، “بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 12ین و موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام موچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستاش موچەی مانگەکانی 10 و 11 ئەمساڵیان وەرنەگرتوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی موچەی چارەسەرکردوە ولیستی موچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بە بێ کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردوە”.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، “داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ ده‌كه‌ین، لە کۆبونەوەی داهاتویان کە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت، پشت بەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە، بە گوێرەی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی عێراق ، چارەسەری بنەڕەتی کورتهێنانی تەرخانکراویی موچەی هەرێم بکەن، تاکو موچەخۆرانی هەرێم، هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەکانیان بەتەواویی و لە وادەی یاسایی خۆیان وەربگرن و چی دی پاساو و بیانوی تەکنیکی، نەکرێتە بەربەست لەبەردەم شایستە داراییەکانی موچەخۆران کە پێویستە دور بێت لە هەمو ناکۆکییەک”.

حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە هەمو هەوڵێک دەکات لە سەر ئاستی فیدڕاڵی و هەرێمی بۆ چارەسەرکردنی بابەتی موچە

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە هەمو هەوڵێک دەکات لە سەر ئاستی فیدڕاڵی و هەرێمی بۆ چارەسەرکردنی بابەتی موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هاوكات وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد کە لە کاتی گەیشتنی هەر بڕە پاریەکی دیكه‌، لە بەغداوە بۆ تەواوکاری مووچە، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەكان بکات.

بڕیاردرا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی داهاتودا بچێتە بەغدا

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ بڕیاردرا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی داهاتودا، بۆ بەدواداچونی پرسی هەموارکردنەوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتە داراییەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025، سەردانی بەغدا بکات.

ڕونیشیكراوه‌ته‌وه‌، وەزیری دارایی و ئابوری پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی بۆ هاوتاکردنی ناونیشانە وەزیفییەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستەڕو، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی خشتەی نوێی ناونیشانە وەزیفیەکان کە لە یاسای ساڵی 2024 ی هەموارکراوی میلاک هاتون، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەداداچون بۆ ئەم هەموارە بکەن کە لە خشتەی ناونیشانە وەزیفیەکانی یاسای میلاک هاتوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button